.بەڵەکی نەخۆشییەکی دژەخۆبەرگریی پێستە کە دەکرێت کاریگەری لەسەر هەموو بەشێکی جەستە هەبێت، وەکو مل، دەست و رووخسار.
سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا چارەسەرێکی بنبڕکەری بەڵەکی نییە، بەڵام چەندین چارەسەر هەن کە ئامانجیان گەڕاندنەوەی رەنگی پێستە وەکو:
- کرێمی پێست: ئەم چارەسەرانە ئامانجیان گەڕاندنەوەی رەنگی پێستە، ئەم کرێمە راستەوخۆ لەسەر پەڵە سپییەکان دەدرێت، وەکو کرێمی کۆرتیزۆڵ.
- دەرمان: بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی گەشەکردنی پەڵەی سپی و گەڕاندنەوەی رەنگی پێست، وەکو پریدنیسۆڵۆن.
- چارەسەری فۆتۆ(تیشکی سەروو بنەوشەیی): بریتییەلە بەرکەوتنی پێستی کەسی تووشبوو بە تیشکی سەروو بنەوشەیی، ئەم چارەسەرە بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە بەشێکی زۆری پێستیان بووە بە پەڵەکانی بەڵەکی.
- چارەسەری لابردنی رەنگ: ئەم دەرمانانە لە حاڵەتەکانی تووشبوون بە بەڵەکیی توند بەکاردێت، کە تێیدا پەڵەی سپی زیاتر %50ـی جەستەی چارەخوازەکە دادەپۆشێت، بەم چارەسەرە هەموو رەنگی پێست لادەبرێت (واتە کەسەکە رەنگی هەموو پێستی سپی دەکرێت)، بۆ یەکخستنی رەنگی پێستی کەسەکە.
- نەشتەرگەری: لەو کەسانەی کە سوود لە چارەسەرەکانی دیکە وەرناگرن، دەکرێت لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە رەنگی ئاسایی پێستی کەسەکە بگەڕێنرێتەوە.
- چاندنی خانەکانی میلانین: ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بریتییەلە وەرگرتنی خانەکانی میلانین لە بەشێکی تەندروستی پێستی کەسەکە، و چاندنیان لەو ناوچانەی جەستە کە تووشی بەڵەکیی پێست بوون، ئەمەش بۆئەوەی رەنگی ئاسایی پێست بگەڕێننەوە.
د. شادیار حەمەلاو، پسپۆڕی جوانکاری و نەخۆشییەکانی پێست

وەڵامێک بەجێبهێڵە